ئەیاد عەلاوی: قەتەر هەڵگری پڕۆژەی دابەشكردنی عێراقە

0 
ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، قەتەر هەڵگر و خاوەنی پڕۆژەی دابەشكردنی عێراقە، هاوكات پشتیوانی خۆی بۆ گۆشەگیركردنی دەوحە لەلایەن وڵاتانی سعودیەو كەنداوەوەو دووپاتكردەوە.

سعودیه‌و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر، لەسەرەتای ئەم مانگەدا په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر پچڕاندو تۆمه‌تباریان كرد به‌پشتیوانی‌ "گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری‌ ناوخۆیی ئه‌و وڵاتانه‌"، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین قه‌یرانی‌ دیبلۆماسی له‌ناو وڵاتانی‌ كه‌نداودا لێكه‌وته‌وه‌، بەڵام قەتەر رەتیدەكاتەوە .

ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە رایگەیاند، "قەتەر هەڵگری پڕۆژەیەك بووە هەروەك ئەوەی ئێران بۆ دابەشكردنی عێراق بۆ هەرێمێكی سونی لە بەرامبەر هەرێمێكی شیعی-دا".

عەلاوی ئاماژەی بەوەشكرد، "بەقەتەریەكانمان وت رێگەبەو كارە نادەین، بەبێ ئەوەی ئاماژە بكات بۆ كاتی گەڵاڵەكردنی ئەو پڕۆژەیەی قەتەر".

ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌روه‌ها سنوری‌ ئاسمانی‌ و وشكانی‌ و ئاوییان به‌رووی‌ قه‌ته‌ردا داخست و دوو هه‌فته‌ مۆڵه‌تیان به‌  سه‌ردانكه‌ران و هاوڵاتییه‌ قه‌ته‌ریییه‌كاندا كه‌ وڵاته‌كانیان جێبهێڵن.

ئەیاد عەلاوی هەروەها وتیشی، "بەداخەوە هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی بێدەنگبوون كاتێك كە باس دەهاتە سەر قەتەر، ئێستا كاتی ئەوەیە هەمووان بە ڕاستگۆی و راشكاوی شتەكان بۆ قەتەریەكان روونبكەینەوە بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێك، دوای پێكدادن و رووبەرووبونەوەكان نۆرەی ئاشتبونەوەیە".

قه‌ته‌ر كه‌ تۆمه‌ته‌كانی‌ سعودیه‌و هاوپه‌یمانی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، لای‌ خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووە، هاوڵاتییانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌رناكات كه‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵیدا پچڕاندووه‌و هیچ رێوشوێنێك به‌رانبه‌ریان ناگرێته‌ به‌ر.

ماڵپەڕی یانـــــــــــــــــی



Whats Hot